فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك ئاشناى کاروبارى تەکنیکى و خزمەتگوزارى کۆمپانایەکى گەیاندن دەکرێن
سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە شاری هەولێر بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر غەسان عەمانوئیل ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (2025/10/21)، بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن کارمەند عومەر لە بەشی (IT Help Desk) پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش سەرەتا ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی لەسەر سروشتی کاری بەشەکەیان لەناو کۆمپانیاکە پێشکەش بەفێرخوازان کرد، وتى: بەشى (IT Help Desk)ڕۆڵێکى سەرەکیی لە دڵنیابوون لە بەردەوامیی خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکان و پشتگیری هونەری بۆ هەموو بەشەکانی کۆمپانیاکە هەیە، چونکە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ کێشە تەکنیکییە دەکات، ئینجا ئەو کێشانە پەیوەست بن بە ئامێرەکان، تۆڕەکان، یان سیستمە ناوخۆییەکان. ڕونیشیکردەوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشە تەکنیکیانە تیمێکی پسپۆڕ هەیە، کە ڕۆژانە کار لەسەر وەرگرتنی داواکارییەکان و شیکردنەوەیان و دەستنیشانکردنی خێرا و پیشەییانەی کێشەکان دەکات، پاشان چارەسەری گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کار بێ پچڕان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا کارمەند عومەر باسی گرنگیی تواناکانی پەیوەندیکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی لەم بوارەدا کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوەدا کە کارکردن لە پشتگیری کارى هونەری تەنها پشت بە زانیاریی تەکنیکی نابەستێت، بەڵکو پێویستی بە توانایەکی بەرزیش هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارهێنەران و تێگەیشتن لە پێداویستییەکانیان بەشێوەیەکى خێرا و ورد.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا، دەرفەت بە فێرخوازان درا گەشتێک بە ژینگەی کارکردنی ناو بەشەکە بکەن، بۆ ئەوەش فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای تەکنیکەکانی بەکارهاتوو لە چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ئەدای سیستمەکان بوون.






