فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە ڕۆژی جیهانی دەست شوشتندا هۆشیاری پاکوخاوێنی لە قوتابخانەی زاکا بۆ کچان بڵاودەکەنەوە
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دەست شوشتن، فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکییەکی هۆشیاری تەندروستییان لە قوتابخانەی زاکای سەرەتایی کچان لە شارۆچکەی عەنکاوە ئەنجامدا.
لەو چالاکیەدا، کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥/١٠/٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر زەهرا خان مەعرووف تاهیر بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئەنیتا زادوق ئادەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە هۆڵی قوتابخانەکەدا، فێرخوازان لەگەڵ قوتابیانی پۆلەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم گفتوگۆیان کرد و گرنگی ڕۆژی جیهانی دەست شوشتن، پێویستی شوشتنی دەستەکان بەتایبەتی پێش نانخواردن و چۆنیەتی گواستنەوەی میکرۆبەکان لە ڕێگەی دەستەکانەوە ڕونکردەوە، هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر پاککەرەوە و سابوونیان بەسەر قوتابییەکاندا دابەش کرد و شێوازی دروستی دەست شوشتنیان بۆ ڕوون کردنەوە بۆ لەناوبردنی میکرۆبە زیانبەخشەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، خاتوو ئەنیتا زادوق ئادەم سوپاسی فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵى کرد، و فێرخوازانیش لە بری سەرۆکایەتى بەشەکەیان، سوپاسی بەڕێوەبەرەکەیان کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکە و میوانداریکردنە بەخشندەییەکەیان.