فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ بەشداری لە چالاکیەکى تایبەت بە هۆشیاری دەرمان لە نەخۆشخانەی پاکی دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشدارییان لە سیمینارێکی تایبەتمەنددا کرد بە ناونیشانی “هۆشیاری دەرمانی”، کە لە نەخۆشخانەی پاکی بەڕێوەچوو. سیمینارەکە لەلایەن عەلی یوسف عەبدەوە پێشکەش کرا و ئامانجی سەرەکییەکەی قووڵکردنەوەی زانیارییەکانی فێرخوازان بوو لەسەر زانستی دەرمانناسی و ڕێکارە سەلامەتەکانی پراکتیزەی پزیشکی.
بۆ ئەو مەبەستەش عەلی یوسف عەبد باسى لە بنەما سەرەکییەکانی زانستی دەرمانناسی (pharmacology)، ڕێنماییە ستانداردەکان بۆ بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمانەکان لە ژینگە پزیشکی و پەرستارییەکاندا کرد، هاوکات پێداچوونەوە بە گرنگترین دەرمانە باوەکان کرد، دواتریش گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر دەرمانە بێ وەسفە پزیشکییەکان (OTC) و دەرمانە وەرزییەکان و ڕۆڵیان لە چاودێری نەخۆشدا لە نێوان عەلی یوسف عەبد و فێرخوازانى بەشداربودا کرا.
چالاکییە ئەکادیمییەکە بووە دەرفەتێک بۆ فێرخوازان بۆ بەستنەوەی زانیارییە تیۆرییەکان کە لە هۆڵەکانی خوێندندا وەریاندەگرن بە پراکتیکی کردارییەوە لە بواری پزیشکیدا.