فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ بەشداری لە کۆنفرانسێکی تەندروستیی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەى شێرپەنجەی مەمک دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکال لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) و مامۆستای یاریدەدەر (زەهراخان مەعرووف تاهیر)، بەشدارییان لە کۆنفرانسى “کەمپەینی هۆشیارکردنەوە بە شێرپەنجەی مەمک”، کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی تەندروستییەوە، بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی – هەولێر و بە سپۆنسەریی گروپى جیهان ڕێکخرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 9/10/2025، لە هۆتێل ڕۆتانا لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، کە تیایدا (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و دکتۆر (دلۆڤان محەمەد)، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و، ژمارەیەک لە بەرپرسانی تەندروستی و نوێنەرانی دامەزراوە ئەکادیمییەکان ئامادە بوون، دکتۆر (دلۆڤان محەمەد)، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، لە وتەیەکیدا جەختی لەسەر گرنگیی کەمپەینەکانی هۆشیارکردنەوە کردەوە لە بەهێزکردنی زوو دەستنیشانکردن و باشترکردنی ڕێژەی سەرکەوتنی چارەسەری شێرپەنجەی مەمک. دواتر، دکتۆر (نوورەدین ئیسماعیل)، دامەزرێنەری سەنتەری شێرپەنجەی مەمک لە هەولێر، سیمینارێکی پێشکەش کرد و تێیدا داتای ئاماریی دەربارەی ژمارەی سەردانکەران و حاڵەتە دەستنیشانکراوەکان لەنێوان ساڵانی (2017-2024) خستەڕوو، ئاماژەی بە زیادبوونی بەرچاوی کارلێکی خەڵک و پەرەسەندنی بەردەوامی سەنتەرەکە لەو ساڵانەدا کرد.
هەر لە میانەى کۆنفرانسەکەدا، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەشدارییەکی کاراییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد لە ڕێگەی کارلێکیان لەگەڵ بەشداربووان و پێشکەشکردنی زانیاریی هۆشیارکردنەوە دەربارەی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پشکنینی کەسى بۆ زوو بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە. کۆنفرانسەکە بە ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان کۆتایی هات، کە تێیدا پارێزگاری هەولێر و، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ڕێزیان لە وتاربێژان گرت و سوپاسی بەشدارییە بەنرخەکانیان کرد لە سەرخستنی چالاکییەکە و بەهێزکردنی هۆشیاریی تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان. هەروەها، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە بە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییە کارا و بەنرخەکانیان لە کۆنفرانسەکەدا.