فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکییەکی هۆشیاری تەندروستی بەڕێوەدەبەن
سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاری تاقیگەی ئەلفارەبی بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان، چالاکییەکی هۆشیاری تەندروستی بە ناونیشانی (تەندروستی لە ڕەمەزاندا) لە گراند مەجیدی مۆڵ لە هەولێر بەڕێوەبرد.
لەو چالاکییەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٣/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستایانى یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محمد، بەختەوەر زیاد عومەر و، زەهرا خان معروف تاهر) و، بە بەشداری چالاکانەی خوێندکارانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە قۆناغە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، فێرخوازان کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکی بێبەرامبەریان بۆ سەردانکەرانى مۆڵەکە ئەنجامدا، پشکنینەکان بریتی بوون لە: ژمارەی تەواوەتی خوێن (CBC)، هیمۆگلۆبین A1C (HbA1C)، پێوانی خوێن، جۆری خوێن، شەکر و، شیکاری پێکهاتەی جەستەی، دواتریش پشکنینەکان لەلایەن دکتۆر چرا نوری عەبدوڵڵا ئەنجامی پشکنینە دەستبەجێیەکانی شیکردنەوەیان بۆ کرا و پێشکەشى سەردانیکەران کرایەوە.
چالاکیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى و دەستخۆشى هاوڵاتیان، هەروەک بە گرنیگەوە لە چالاکیەکەیان ڕوانى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاری تەندروستی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و، گرنگی چاودێریکردنی تەندروستی لە کاتی ڕۆژووگرتندا.