فێرخوازانى بەشی تەلارسازی سەردانێکی زانستی بۆ قوتابخانەی کۆلێژی جیهان ئەنجام دەدەن
ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (23/1/2025) کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەردانێکی زانستى گەیشتنە قوتابخانەی کۆلێژی جیهان لە شارى هەولێر، سەردانەکە بەسەرپەرشتی دکتۆر رێبوار ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوەچوو.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار فێرخوازانى ئاشناى پێداویستیەکانی دیزاین و ستانداردەکانی شوێن بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان کرد، بۆ ئەوەش بەوردى و بەشێوەیەکى مەیدانى باسى لە دیزاینى قوتابخانەکە بۆ فێرخوازان کرد، وتیشى گرنگە لە دیزاینکردنى باڵەخانەیەکى لەو جۆرەدا ڕەچاوى ژینگەیی پەروەردەیی و فێرکردن بکرێ، بەجۆرێک قوتابیان لە ناو پۆل و قوتابخانەکەدا هەست بەئاسودەیی بکەن، هەر لە میانەی سەردانەکەیاندا فێرخوازانى بەشى تەلارسازى ڕوونکردنەوەی ورد و پێویستیان وەرگرت سەبارەت بەو لایەنە بنەڕەتیانەی، کە دەبێت لەکاتی پلاندانان بۆ پڕۆژەکانیان لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە پلاندانانی فەزایی و ڕێکخستنی پۆلەکان و حەوشەی دەرەوە و شوێنە کارگێڕییەکان و، هەماهەنگی نێوان فەزای ناوخۆیی و دەرەکی.
لە کۆتایی سەردانە مەیدانیەکەدا فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار گفتوگۆیان لەبارەى چەند لایەنێکى دیکەى پەیوەست بە دیزاینى پڕۆژە پەروەردەییەکان کرد و، بەشێوەیەکى زانستیش هەڵسەنگاندنى تەلارسازییان بۆ باڵەخانەى قوتابخانەى کۆلێژى جیهان کرد.