فێرخوازانى بەشی تەکنیکى دروستکردنى ددان سەردانی تاقیگەی دروستکردنی ددانی ماستەرپیس دەکەن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى دروستکردنى ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ تاقیگەی دروستکردنی ددانی ماستەرپیس (Masterpiece Dental Fabrication Laboratory) ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە بە سەرپەرشتی هەریەک لە مامۆستاى یاریدەدەر مەحموود عەبدوڵڵا ئەحمەد و مامۆستاى یاریدەدەر مریەم فاخیر ئیبراهیم بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن دکتۆر سامر عەبدو پێشوازییان لێکرا، پاشان بابەتێکى زانستى لەبارەى نوێترین تەکنیک و تەکنەلۆژیاکانی دروستکردنی ددانی دیجیتاڵیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا دکتۆر سامر عەبدو فێرخوازانى ئاشنای قۆناغە پرۆفیشناڵە پێشکەوتووەکانی دروستکردن و چاندنی ددانى دەستکرد کرد، ئەوەش بە بەکارهێنانی ئامێر و پێداویستییە مۆدێرنە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتایدا، فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجى زانستیان لەبارەى نوێترین شێواز و تەکنیکەکانی بەکارهاتوو لە تاقیگە پێشکەوتووەکاندا ئاراستەى دکتۆر سامر عەبدو کرد، ئەویش بەشێوەیەکى زانستى و بەشێوەیەکى پراکتیکى وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانى فێرخوازانى دایەوە و، بەوردى ئاشناى سیستمەکانی کاری دیجیتاڵی کرد، بەتایبەت ئەوانەى لەلایەن ژیریی دەستکردەوە پاڵپشتى دەکرێن و، بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی قۆناغەکانی چاندنی دەستکردی ددان بە کوالیتییەکی بەرز لە ڕووی کارایی و جوانییەوە.
لە کۆتایدا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار سوپاسى (دکتۆر سامر عەبدو)یان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و خستنەڕووى سەرەنج و بۆچونە زانستیەکانى .




