فێرخوازانى بەشی تەکنیکى سڕکردن گەشتێکی زانستیی مەیدانی بۆ نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتى ئەنجام دەدەن
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشەکە بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر (Erbil International Hospital) ڕێکخست.
ئەم چالاکییە لە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتی (٢٩/١/٢٠٢٦)، بەسەرپەرشتى یاریدەدەرى تاقیگە (میرزان مصطفى عمر) بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان فێرخوازان لەلایەن کارگێڕیی نەخۆشخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، بەتایبەتی لەلایەن (دکتۆر لاوە حوسێن)، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و پسپۆڕ لە نەشتەرگەرییەکانی جگەر، سپڵ و پەنکریاس. لە وتەیەکیدا جەختی لەسەر گرنگیی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی خوێندن لە ناوەندە تەندروستیەکان کردەوە.
پاشان فێرخوازانى تەکنیکى سڕکردن بەشێوەیەکى مەیدانی بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە بەتایبەت بەشەکانی (منداڵان، شکان، نەشتەرگەری، جوانکاری و، ئافرەتان و لەدایکبوون)، کە تێیدا فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە ئاشنای میکانیزمەکانی کارکردنی کلینیکی و ژینگەی ڕاستەقینەی پسپۆڕییەکەیان بن، بۆ ئەوەش کارمەند و پسپۆڕانى بەشەکان بەشێوەیەکى زانستى باسى شێوازەکانى کارى ڕۆژانەیان و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش و چارەسەرخوازانیان بۆ فێرخوازان کرد، بەتایبەتى لە دۆخى سڕکردنیان.
لە کۆتاییدا، سەرپەرشتیارى فێرخوازان بەناوى سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى سڕکردن سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتیی بەگشتى و، (دکتۆر لاوە حوسێن) کرد، بۆ پێشوازی و هاوکارییە بەردەوامەکانیان.






