فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى سەردانی نەخۆشخانەی سویدی دەکەن
لە چوارچێوەی چالاکیە مەیدانیەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى خوێندن و بەستنەوەی زانیاری تیۆرییەکان بە ئەزموونی کردەیی، سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ نەخۆشخانەی سویدی لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لەو سەردانە مەیدانیەدا، کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عەبدول عەلیم بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن پسپۆڕى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشک (ئارام جەمال عەزیز) پێشوازییان لێکرا، سەرەتا ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی نوێترین تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بەتایبەت لە ئەو تەکنیکانەى کە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکاندا بەکاردەهێنرێن، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ ئاشناکردن فێرخوازان بە ئامێرە پێشکەوتووەکانی وەک تیشکی ئێکس بۆ وێنەگرتنی ئێسک و دیاریکردنی شکان، تۆمۆگرافی کۆمپیوتەریی (CT-Scan) کە وێنەی سێ ڕەهەندی بۆ دەستنیشانکردنی برینەکانی ناوەوە دابین دەکات، وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسیەکان (MRI) بۆ پشکنینی شانە نەرمەکان و ئەندامەکانی ناوەوە، جگە لە سۆنەر کە لە پشکنینی دووگیانی و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و سکدا بەکاردەهێنرێت.
چالاکیە مەیدانیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان کە بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى میکانیزمی کارکردنی ئامێرە جیاوازەکان و، باشترین شێوازەکانی بەکارهێنانیان بۆ دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشییەکان بوون.