فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی هەڵمەتێکی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک لە شاری هەولێر بەڕێوەدەبەن
گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکیی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، هەڵمەتێکی مەیدانیی هۆشیارییان لەبارەى مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمک و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە ڕێکخست.
لەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (2025/10/21)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر نور سامی عومەر بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بازاڕەکانى سەنتەرى شارى هەولێریان کرد و ، پرۆشۆرى تایبەت مەترسییەکانی شێرپەنجەی مەمکیان بەسەر ژنان و کچان و ڕێبوارانى ئەو شوێنانە دابەش کرد، پرۆشۆرەکان کۆمەڵێک زانیاریی زانستیی سادەکراوەیان لەسەر نەخۆشییەکە، هۆکارەکانی و گرنگیی زوو دەستنیشانکردن لەخۆگرتبوو، هاوکات بەشێوەیەکى زارەکى گفتوگۆیان لەبارەى ڕۆڵی وێنەگرتنی تیشکیی لە دەستنیشانکردنی دروستى نەخۆشیەکە بۆ هاوڵاتیان باسکرد، جگە لەوەش هاندانی ژنان و کچانیاندا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، چونکە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاکبوونەوە و کەمکردنەوەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە.
لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا، هاوڵاتیان و ژنان و کچان و ئافرەتان، خۆشحاڵى خۆیان بەو هەڵمەتە نیشاندا و، دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.







