فێرخوازانى بەشی تەکنیکی سڕکردن چالاکیەکى هۆشیاری تەندروستی لە ئامادەیی ئارینکۆ بەڕێوەدەبەن
سەرۆکایەتی بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٤/٢/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستی و هۆشیاری بۆ قوتابخانەی (ئارینکۆ)ی کچان ڕێکخست.
شاندەکەی زانکۆ بە سەرپەرشتی مامۆستا (میرزان مستەفا عومەر) بەڕێوەچوو و، لەلایەن مامۆستا (ئارەزوو خەلیل کەمال) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا. پاشان لە یەکێک لە هۆڵەکانى قوتابخانەکە، فێرخوازانى زانکۆ چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیانی قۆناغی ١١ی ئامادەیی کرد، لە چالاکییەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ بە شێوەیەکی پراکتیکی چەندین ئامێری پزیشکییان بە قوتابیان ناساند، لەوانە: ئامێری پەستانی خوێن، ئامێری پێوانەکردنی شەکرە و ئامێری ئۆکسیمیتەر (پێوانەی ئۆکسجینی خوێن).
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان کۆمەڵێک ڕێنمایی پێویستیان لەسەر شێوازی ژیانی تەندروست پێشکەش بە قوتابیان کرد. قوتابیانیش بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە چالاکیە پراکتیکییەکاندا کرد و، هیوایان خواست لە داهاتوودا لەم بەشە پزیشکییانە درێژە بە خوێندن بدەن.







