فێرخوازانى بەشی دیزاینى ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی سەنتەری ئۆتیزمی ئیمارات دەکەن
بۆ گەیاندنى هاوکارى و دروستکردنى کەشێکى پڕ لە خۆشى و شادى بۆ منداڵان، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی دیزاینى ناوخۆیی ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٤) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (سجى عبد الهادي)، لە شارى هەولێر سەردانى سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتیان کرد.
سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى بەشى دیزاینى ناوخۆیی لەلایەن (چیمەن جومعە نادر) بەڕێوەبەری سەنتەرەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا باسى لە دۆخى دەروونى و جەستەیی و ڕەفتارى منداڵانى ئۆتیزمى بۆ فێرخوازان کرد، وتیشى ئەم جۆرە چالاکیانەى کە فێرخوازانى زانکۆ ڕێکى دەخەن بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی منداڵان لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، هەروەها ڕەنگدانەوەی ڕۆحی هاوکاری نێوان پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییە دامەزراوەکان نیشان دەدات و، ڕەنگدانەوەى لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتى منداڵانیش دەبێ، بۆ ئەوەش سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد، کە بەچالاکى و هاوکارى مرۆیی سەنتەرەکەیان بەسەردەکەنەوە.
پاشان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دیارییەکانیان بەسەر منداڵانى سەنتەرەکەدا دابەشکرد و، کەشێکی پڕ لە خۆشی و شادیان دروستکرد، هاوکات فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ژووری مۆسیقا و هۆڵی وەرزشى سەنتەرەکە بەشدارییان لە چالاکییەکى هونەرى و وەرزشى کرد، ئەم چالاکییانەش یارمەتیدەر بوون لە دروستکردنی کەشێکی تایبەت بەسەربردن کاتێکى پەروەردەیی جیاواز بۆ منداڵان، بەڕێوەبردنى ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنگدانەوەى ستراتیژى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشی دیزاینى ناوخۆییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهاکانی بەخشین و دروستکردنى پردى پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان فێرخوازان و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە و، بەشداریکردن لە بونیاتنانی تواناى ئەو تاکانەى کۆمەڵگە کە پێویستیان بەهاوکارى و کۆمەککردن هەیە.