فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە میانەى سەردانێکی زانستیدا کۆمپانیای Red Code بۆ پیشەسازی ئایتی بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (28ی 1ی 2025)، سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ کۆمپانیای ڕێد کۆد، کە یەکێک لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی بواری تەکنەلۆجیای زانیاری بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ليث رزوقي فليح، بەڕێوەچوو، فێرخوازنى قۆناغی سێیەم دەرفەتى ئەوەیان بۆ ڕەخسێندرا لە نزیکەوە ئاشناى ژینگەى پراکتیکی پیشەسازی ئایتی بن، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان لەلایەن هەڵکەوت مەهدى بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا کۆمەڵێک زانیارى گرنگى سەبارەت بە پەرەپێدانی ڕێڕەوی پیشەیی زانستی کۆمپیوتەر پێشکەش کرد. پاشان باسی لەو ئاڵنگارییە سەرەکیانە کرد، کە دەرچووانی نوێ ڕووبەڕووی دەبنەوە بەتایبەت کاتێک ڕوو لە بازاڕى کار دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەسوود وەرگرتن لە ئەزمونى پراکتیکى و لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیا و ناساندنى کارەکانیان بە فێرخوازان، کۆمەڵێک ڕێنمایی ستراتیژی کارکردنى پێشکەش بە فێرخوازان کرد بۆ چۆنیەتی تێپەڕاندنی کارە سەختەکان بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە، هاوکات وێستگەیەکى دیکەى سەرەکى سەردانەکەى فێرخوازان تەرخانکرا بۆ گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی زیرەکی دەستکرد (AI) بۆ ئەوەش کۆمەڵێک گفتوگۆى زانستى پسپۆڕیان لە بوارەکەدا کرد.
ئەم سەردانەى فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر بۆ کۆمپانیاى (Red Cod) ئەزموونێکی پڕ زانیاری سوود بەخش بووە هەم لەلایەنى تیۆری و هەم لایەنى پراکتیکی، چونکە بووە وێستگەیەک بۆ یارمەتیدانى فێرخوازان بۆ دیاریکردنى ڕێڕەوی پیشەی داهاتوویان .