فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر کەمپەینێکی هۆشیاری لە بواری زانستى کۆمپیوتەر لە قوتابخانەى هیران ستى بەڕێوەبرد
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٨/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی هیرانستى ئەنجامدا.
سەرەتا لە لایەن خاتوو (تاڤان کامل حسێن) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازی لە فێرخوازان کرا، لە وتەیەکیشیدا وێڕای دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییە هۆشیارییانە، جەختی لە گرنگی ئەم کەمپەینانە کردەوە لە پەرەپێدانی کارامەیی فێرخوازان و ئامادەکردنیان بۆ داهاتوو، هەروەها ڕۆڵی زانکۆکەی لە ئاڕاستەکردنی توانای گەنجان بەرەو داهێنان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەرز نرخاند.
ئەم کەمپینەم کە بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر لەیس رزوقی فەلیح) بەڕێوەدەچێ، پشت بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد دەبەستێت بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران لە بەڕێوەبردنی بودجەی کەسی بە شێوازێکی زیرەک و کارا. هاوکات تیشک دەخاتە گرنگی ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان لە برەودان بە هۆشیاری دارایی و بەڕێوەبردنی وەبەرهێنان. لەم چوارچێوەیەدا، فێرخوازان کە پێکهاتبوون بە (زانیار ڕزگار، ئایدن بێهنام، عەلی حوسام و شەهاب ئەحمەد) لە قوتابخانەکە پڕۆژەیەکی داهێنەرانەیان نمایشکرد کە بریتی بوو لە ئەپڵیکەیشنێکی پێشکەوتووی وێب.
لە کاتی نمایشەکەدا، فێرخوازان گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەپڵیکەیشنەکەیان ڕوونکردەوە، لەوانە: چاودێریکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانە، ئاگادارکردنەوەی زیرەک لە کاتی تێپەڕاندنی سنووری دارایی، پێشکەشکردنی ڕاوێژی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی داتا، و داڕشتنی پلانی دارایی بۆ داهاتوو.
چالاکییەکە کاردانەوەیەکی ئەرێنی ئامادەبووانی بەدوای خۆیدا هێنا و بایەخێکی زۆریان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ سەقامگیری دارایی دا. لە کۆتایی سەردانەکەدا، وەفدی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاسی کارگێڕی قوتابخانەی هێرانیان کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و هیوایان خواست ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ زنجیرە چالاکییەکی هاوبەش بە ئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار لە ڕووی دارایی و تەکنیکییەوە.







