فێرخوازانى بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر، قوتابیانى قوتابخانەى هیوا ئاشناى پرۆگرامسازی وێبسایت دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانى قوتابخانەی هیوایان لە شارى هەولێر کرد و، بەگەرمى لەلایەن مامۆستا ئەفکار موسەننا (مامۆستای بابەتی کۆمپیوتەر) و مامۆستا ئیمان ئیحسان (مامۆستای بابەتی زانست) پێشوازییان لێکرا.
لە میانەى ئەو سەردانەیاندا، کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 28/10/2025 بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر لەیس فالح ڕەزووقی بەڕێوەچوو، فێرخوازان لە یەکێک لە هۆڵەکانى قوتابخانەکە چالاکیە زانستیەکەیان ئەنجامدا و، باسیان لە پرۆگرامسازی وێبسایت بۆ قوتابیان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکیان خستنە گرنگی دیزاینکردن و جوانکردنى وێبسایت، هەروەها چۆنیەتی کاریگەریی ئەمە لەسەر کارلێکی بەکارهێنەران و متمانەیان بە ناوەڕۆک بۆ قوتابیان باسکرد، پاشان باسیان لە میکانیزمی پێویست بۆ پرۆگرامساز کرد، بۆ ئەوەی وێبسایت بە شێوەیەکی پارێزراو کاربکات و بە شێوەیەکی خۆکارانە لەگەڵ هەموو شاشەکان و ئامێرەکاندا بگونجێت، جا کۆمپیوتەر بێت یان مۆبایلی زیرەک.
بۆ زیاتر تێگەیشتنى قوتابیانى قوتابخانەکە، فێرخوازانی بەشى زانستەکانی کۆمپیوتەر بە شێوەیەکی پراکتیکی پرۆژەی تایبەتی خۆیان نمایش کرد، پرۆژەکە بریتی بوو لە دوکانێکی دیجیتاڵی بۆ فرۆشتنی “جلوبەرگی وەرزشی”، تیایدا بە شێوەیەکی کورت و سادە ڕوونیان کردەوە چۆن ڕووبەرەکانی وێب دروستبکەن و گەشەیان پێبدەن، ئەوەش بە بەکارهێنانی ئامرازە سەرەکییەکانی پرۆگرامسازی.
چالاکیەکە کارلێکییەکی گەورە و ئەرێنی لەلایەن قوتابیانى قوتابخانەی هیواوە دروستکرد و، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک پرسیار و گفتوگۆیانلەگەڵ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.






