فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی کەمپەینی پردی نێوان زمان و کارى بازرگانی بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى 14/10/2025، فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، کەمپەینێکی مەیدانییان لە “پارکڤیو” ئەنجامدا بۆ برەودان بە گرنگی زمانی ئینگلیزی لە بواری کار و بازرگانیدا.
چالاکییەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ڕۆژین حوسێنی بەڕێوەچوو، لە میانی کەمپەینەکەدا، فێرخوازان سەردانی چەندین ناوەندی بازرگانی و دوکانی جیاوازیان لە پارکڤیو کرد، کە لەلایەن خاوەنکار و کارمەندانیانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان گفتوگۆکان لەسەر ڕۆڵی گرنگی زمانی ئینگلیزی لە باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ کڕیارە نێودەوڵەتییەکان، زیادکردنی فرۆش و فراوانکردنی گەیشتن بە بازاڕ کردەوە. دواتریش فێرخوازان بڕۆشوری ئامادەکراویان دابەشکرد، کە تێیدا جەخت لەسەر سوودەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ سەرکەوتنی بازرگانی کرابووەوە و پێشنیازی کردارییان پێشکەش بە دوکاندار و بازرگانان کرد وەک بەشداریکردن لە خولەکانی زمان، ڕاهێنان بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ کڕیاران و بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لە ڕیکلام و براندکردندا.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، خاوەنکارەکان سوپاسی خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی. مامۆستای یاریدەدەر ڕۆژین حوسێنی ستایشی فێرخوازانى کرد.