فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی سەنتەرێکی جوانکاری بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/13، بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سالی خەلیل باقر)، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بۆ سەنتەری جوانکاری دکتۆرە نادیە جەودەت لە هەولێر ڕێکخست.
لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەلایەن هەریەک لە (زیاد خەسرۆم کایل و دکتۆرە نادیە جەودەت جەبار)، پێشوازییان لێکرا، پاشان شیکردنەوەیەکی وورد و تێر و تەسەلی سەبارەت بە پشکنینەکانى پێش نەشتەرگەری، کە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی نەخۆش و ئامادەیی تەواوی بۆ نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێن پێشکەش بە فێرخوازان کرد. بۆ ئەوەش وتى: ئەو پشکنینانەى کە دەکرێن بریتین لە: پشکنینی ڕێژەی خوێن بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەمخوێنی، پشکنینی نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوەکان وەک هەوکردنی جگەر و ڤایرۆسی کەمی بەرگری، پشکنینی ئاستی شەکری خوێن، هاوکات لەگەڵیاندا پشکنینی تایبەت بە مەیینی خوێن دەکرێ، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خوێنبەربوون لە کاتی نەشتەرگەریدا ڕوونادات.
لە بەشى کۆتایی قسەکانیدا، کە لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى سەنتەرەکەدا بۆ فێرخوازانى باس دەکرد، (زیاد خەسرۆم کایل) تیشکی خستە سەر گرنگی پشکنینی کارایی پەپکەکانی خوێن (Platelets) و سەلامەتی پڕۆسەی مەیینی خوێن بە شێوەیەکی سروشتی. دواتر، باسى لە پشکنینەکانی دوای نەشتەرگەری کرد بەتایبەت لە حاڵەتی ڕوودانی هەوکردن لە برینەکەدا، ڕونیشیکردەوە لەو کاتانەدا، پشکنینی بەکتریایی ئەنجام دەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی جۆری هۆکارە نەخۆشییەکە و هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاو.