فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی باکی دەکەن
ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (23/1/2025)، سەرۆکایەتى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر سالی باقر، سەردانى نەخۆشخانەى پاکى لە شارى هەولێریان کرد.
لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا، لە نەخۆشخانەکەدا، سەردانى پزیشکى پسپۆڕ کارزان بەرهەم مەولود پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەرس و شەکرەیان لە نەخۆشخانەی پاکی کرد، پزیشکى پسپۆڕ دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان باسى لە گرنگترین پشکنینەکانى دڵ و پەیوەندییان بە شیکارى تاقیگەى پزیشکى بۆ فێرخوازان کرد، هەروەها ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى دەردراوەکانى دڵ و چۆنیەتى خوێندنەوەى پشکنینەکان بۆ فێرخوازان کرد، بەتایبەت خوێندنەوەى دەردراوى ترۆپۆنین (Troponin)، ڕونیشیکردەوە سێ جۆرە دەردراوى (Troponin) هەیە، کە پێیان دەوترێت (Troponin C, Troponin T, Troponin I)، وتیشى ئەم ئەنزیمانە یان دەردراوانە کاتێک بەرز دەبنەوە کە ماسولکەکانى دڵ بەرەوە تێکچوون بڕوات، هەروەها پزیشکى پسپۆڕ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر نەخۆشەکە دوچارى جەڵتەی دڵ بوو ئەوا ئەنزیمەکە دوای دوو کاتژمێر دەست بە بەرزبوونەوە دەکات و، تا ماوەى (10) ڕۆژ هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر کارزان بەرهەم تیشکی خستە سەر چۆنیەتی دەستنیشانکردنی بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەکە دوچارى جەڵتەی دڵی دووەم بووبێت لەماوەی ئەم 10 ڕۆژەدا، ئەوەش لە ێگەى دەردراوى (ئەنزیم)ی دووەم کە پێى دەوترێت (CK-MB ) ئەنجام دەدرێت، چونکە ئەم ئەنزیمە بۆ ماوەیەکی کورتتر لە جەستەدا دەمێنێتەوە لە ئەگەری تێکچوونی ماسولکەکانی دڵ یان جەڵتەی مێشک.
لە بەشێکى دیکەى گفتوگۆکەى نێوان فێرخوازانى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى و پزیشکى پسپۆڕ باس لە چەند جۆرێکى دیکەى نەخۆشیەکانى دڵ و، چۆنیەتى خوێندنەوەى پشکنینەکان بەشێوەیەکى زانستى کرا.
.