فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی سویدی دەکەن
فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (30ی کانوونی دووەمی 2025)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سالی خەلیل باقر سەردانی نەخۆشخانەی سویدییان لەشارى هەولێر کرد.
فێرخوازان لەلایەن چالاک سلام خضر لێپرسراوى تاقیگە لە نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵی وانەوتنەوەکانی نەخۆشخانە فێرخوازان ئاشناى پشکنینی CEA کران، کە پرۆتینێکە لە کاتی دووگیانیدا لەلایەن جەستەوە بەرهەم دێت و بەرپرسە لە زیادبوون و دابەشبوونی خانەکان. هەروەک ئەوەى باسکرا ئەم پرۆتینە لە هەندێک جۆری شێرپەنجەدا دەبینرێت، وەک شێرپەنجەی قۆڵۆن، مەمک، یان هێلکەدان، بەڵام بەرزبوونەوەی ڕێژەى ئەم پرۆتینە هەمیشە نیشانەی شێرپەنجە نییە، چونکە لە هەندێک حاڵەتی تردا، وەک جگەرەکێشان یان هەوکردن، دەکرێت بەرزبێتەوە. بۆیە، پزیشکەکان پشکنینی CEA بە هاوکاری پشکنینەکانی تر و بە بڕیاری پزیشکی پسپۆڕ بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە.
پاشان فێرخوازان سەردانی تاقیگەی نەخۆشخانەکەیان کرد و، چالام سلام خضر لێپرسراوى تاقیگەکە ڕوونکردنەوەی وردی لەسەر ئامێرەکانی تاقیگە و چۆنییەتی کارکردنیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. ئەم سەردانە هەوڵێک بوو بۆ گۆڕینی شوێنی وانەوتنەوە و زیادکردنی تێگەیشتنی ئاستى فێرخوازان لە بابەتەکانی بەشەکەدا. لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسی ستافى کارگێڕى نەخۆشخانەی سویدی و هاوکارانیان لە تاقیگەى نەخۆشخانەکەى کرد بۆ هاوکاریکردنی فێرخوازان.