فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە قوتابخانەی ناوەندی شەهید کۆچەر پشکنینی پزیشکی ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەى چالاکیە خۆبەخشى و هۆشیارییەکان و، بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانیارى توێژە جیاوازەکان، سەرۆکایەتى بەشى شیکارى کیمایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر زنجیرەیەک چالاکى بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان ڕێکخستووە.
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی و تەندروستیدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عەبدوڵڵا جەودەت بەڕێوەچوو، سەردانی قوتابخانەی ناوەندی شەهید کۆچەریان کرد و، لەلایەن مامۆستا سەمیر ڕۆستەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە سەرەتاى چالاکیەکەیاندا فێرخوازان پشکنینی پزیشکییان بۆ قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە ئەنجامدا، کە بریتی بوو لە پشکنینی خوێن، پشکنینی شەکری خوێن، پێوانەکردنی پەستانی خوێن، لەگەڵ پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجین، مەبەست لەم پشکنینانە ئاگادارکردنەوەى مامۆستایان و قوتابیانى قوتابخانەکە بوو لە گرنگی پشکنینی تەندروستی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی هەر کێشەیەکی تەندروستی.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان سیمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی (١٢) لە قوتابخانەکە کرد، لە سمینارەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد (AI) لە بواری پزیشکیدا کرد، بەتایبەت لە چۆنیەتى دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان و لایەنى پزیشکی و نەشتەرگەری ڕۆبۆتی و دۆزینەوەی دەرمان، بەو هۆیەشەوە سەردانەکە بوو بۆنەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری قوتابیان لە گرنگی پشکنینی پزیشکی و دیدێکی داهاتووی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پزیشکی.