فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکى، چالاکیەکى هۆشیارى لە ئامادەیی نۆلیڤەر بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٥/٢/٢٠٢٥) دوول ە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی ئامادەیی نۆلیڤەریان کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێکی پەروەردەیی سەبارەت بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری پەروەردە و پزیشکیدا.
سەردانەکە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر عەبدوڵڵا جەودەت سەرپەرشتی کرا، بە گەیشتنیان بە قوتابخانەکە لەلایەن دالین عەبدولکەریم مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان چالاکیەکەیان دەستپێکرد و کۆمەڵێک زانیارى گرنگیان لەبارەى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بەکارهێنانی پەروەردەیی و دەستنیشانکردنی پزیشکی و دۆزینەوەی دەرمان پێشکەش کرد. هەروەها نموونەی سەرنجڕاکێشیان بەکارهێناوە، وەک یاریدەدەری زمانی زیرەک، ئەپی چاودێری تەندروستی و ڕۆبۆتی پزیشکی، بۆ ئەوەی بابەتەکە لەلاى قوتابیان سەرنجڕاکێشتر بێت و ئاسانتر تێبگەن، ئەوەش وایکرد قوتابیان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا بکەن.
بۆ ئەوەش مامۆستاى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى سمینارەکە و ناوەڕۆکەکەى بەبابەتێکى گرنگ بۆ قوتابیان وەسف کرد.