فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی میهرەبانی دەکەن
بە سەرپەرشتی دکتۆر فەیسەڵ فاروق سادق، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٥) فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی مێهربانی ئەهلی ئەنجامدا، سەردانەکە تایبەت بوو بە ڕاهێنان و ئاشناکردنى فێرخوازان بە کواڵیتى کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی تاقیگە.
لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازان لە لایەن دکتۆر هێمداد حەویز، بەڕێوەبەری تاقیگە لە نەخۆشخانەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، ئینجا باسێکى کورتى لەبارەى بەشە جیاوازەکانی تاقیگە و جۆرەکانی پشکنین و دەستنیشانکردن نەخۆشیەکان، کە ڕۆژانە بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دەدرێن، پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هەروەها باسى ئەو تەکنیکانەی کرد، کە بۆ دڵنیابوون لە کواڵیتى کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی کارەکانی تاقیگە بەکاریان دەهێنن. جگە لەوەش، دکتۆر هێمێداد حەوێز باسى لە پرۆتۆکۆڵەکانی هەڵگرتنی نمونەی نەخۆش بۆ ماوەیەکی درێژ کرد.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان زانیارى گرنگیان لەبارەى ڕێساکانی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی نەخۆشخانە و ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنی تاقیگە بەدەستهێنا، بۆ ئەوەش دکتۆر فەیسەڵ فاروق سادق سوپاس بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی تاقیگەکەى کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە بەنرخە بۆ فێرخوازان بۆ بەدەستهێنانی زانست و ئەزموونی کردەیی لە ژینگەى کارکردن.