فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆژیای پزیشکی خولی هۆشیاری و ڕاهێنانی پراکتیکی لەسەر شێرپەنجەی مەمک لە ئامادەیی نەهرێن بۆ کچان ئەنجام دەدەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥) کۆمەڵێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆژیای پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر خواجە شاکیل احمد سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ ئامادەیی نەهرێن بۆ کچان لە هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن جۆزفین مەنسور، بەڕێوەبەری ئامادەیی نەهرێن بۆ کچان، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، لەوتەیەکدا ستایشی دەستپێشخەرییەکەی فێرخوازانى کرد، هەروەها جەختی لە گرنگیی پەروەردەی تەندروستی کردەوە، کە لەلایەن فێرخوازانەوە پێشکەش دەکرێت، پاشان فێرخوازانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لەهۆڵى قوتابخانەدا ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیان کرد و تیایدا بەشێوەیەکى کارلێککارانە بەشداربووان پرسیار و بیرۆکەکانیان سەبارەت بە تەندروستیی ژنان و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ئاڵوگۆڕ کرد. لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى باسیان لە هۆکارەکانی شێرپەنجەی مەمک، فاکتەرەکانی مەترسی و خۆپاراستن لێی دەکرد، هەروەک جەختیان لە گرنگیی زوو دەستنیشانکردن و پشکنینی بەردەوام کردەوە، لە بەشى کۆتایی چالاکیەکەیاندا فێرخوازان بە شێوەیەکى پراکتیکییەکان تەکنیکە سەرەکییەکانیان ناسینەوەی گۆڕانکارییە نائاساییەکان لە مەمکدا بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە خستەڕوو، ئەمەش وایکرد قوتابیانى قوتابخانەکە لە شێوازەکانی زوو دەستنیشانکردنی گرێکان باشتر تێبگەن.
چالاکییەکە بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بیرۆکە لە نێوان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و قوتابیانى قوتابخانەکە کۆتایی هات، کە جەختیان لە گرنگیی هاوکاری لە نێوان زانکۆکان و قوتابخانەکاندا کردەوە بەتایبەت لە بوارى هۆشیارى تەندروستى.






