فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس سەردانى سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و غودە دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١٠/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و غودەکانیان کرد.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی دکتۆر ساڵح مستەفا زێباری ئەنجامدرا و، بە گەیشتنیان لەلایەن دکتۆر محەمەد حەسەن مستەفا، پسپۆڕی خۆراک، پێشوازییان لێکرا، پاشان لە دیدارێکدا دکتۆر محەمەد حەسەن ڕێڕەوی هەڵسەنگاندنی خۆراکیی تەواوی خستەڕوو بۆ ئەوەش ئاماژەى بە پێوانە ئەنترۆپۆمیترییەکان (کێش، ئیندێکسی بارستەی لەش، چێوەی کەمەر)، شیکاریی تاقیگەیی پەیوەندیدار (شەکر، HbA1c، چەوری خوێن) کرد، هەروەها ڕوونیکردەوە چۆن داتاکان ڕێنمایی چارەسەری پزیشکیی خۆراکی دەکەن لە ڕێگەی دیاریکردنی ئامانجەکانی کۆنترۆڵکردنی شەکرەی خوێن، خەمڵاندنی پێداویستییە وزەییەکان و پێداویستییەکانی ماددە خۆراکییە گەورەکان و داڕشتنی وردی پلانەکانی ژەمەکان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەو پسپۆڕی بوارى خۆراک جەختى لەسەر ئامرازە پراکتیکییەکان کردەوە، کە بریتین لە شێوازی قاپ (Plate Method)، هەژمارکردنى کاربۆهیدرات و خوێندنەوەی زانیاریی خۆراکی سەر بەرهەمەکان و شیکردنەوەی ئیندێکسی/باری گلایسیمیکی (Glycemic Index/Load). ، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا دکتۆر محەمەد حەسەن نموونەیەکی کرداریی لەبارەى چۆنیەتی گونجاندنی بڕی کاربۆهیدرات لەگەڵ سیستمەکانی ئەنسۆلین و دابەشکردنی خواردن بەسەر ژەمەکاندا بۆ کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی شەکرەی دوای نانخواردن پیشانى فێرخوازان دا.
لە کۆتایی سەردانەکەشدا تاوتوێى بابەتەکانی سەلامەتی کرا، بۆ ئەوەش ئاماژە بە ناسینەوەی دابەزینى شەکرەی خوێن، خواردنی ڕیشاڵ و بژاردەی گونجاو لە ڕووی کەلتوورییەوە بۆ خواردنە خۆماڵییە باوەکان کرا.






