فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس سەردانى کۆمپانیای بەیروت-هەولێر بۆ بەرهەمەکانی پەتاتە دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی کۆمپانیای بەیروت-هەولێریان کرد بۆ بەرهەمەکانی پەتاتە.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی (مامۆستای یاریدەدەر یاسین مامەند) ئەنجامدرا، بە گەیشتنیان لەلایەن حاجى شەعبان محەمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ڕاستەوخۆ گەشتێکى مەیدانى بە فێرخوازان بەناو بەشەکانى کۆمپانیاکەدا کرد و، هێڵی بەرهەمهێنانیان بەسەرکردەوە، کە پرۆسەکە لە وەرگرتنی پەتاتەی خاو و جیاکردنەوەیەوە تاوەکو شوشتن و پاککردن و پارچەپارچەکردن و کوڵاندنی سووک و سوورکردنەوە و لابردنی ڕۆن و بەهارات لێدان و پاکەتکردن، لەگەڵ بەستنەوەی هەموو قۆناغێک بە دەرئەنجامێکی فێربوونی دیاریکراوەوە دەگرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان لەگەڵ وەرگرتنەوەى ڕونکردنەوەکان، ئاشناى هەنگاوەکان بەشێوەیەکى پراکتیکى بوون، بۆ ئەوەش فێرخوزان چاودێریی هەنگاوەکانى ڕێکارە ستانداردەکانی کارکردنی پاکوخاوێنیان کرد، بەتایبەت لەو خاڵانەى کە پەیوەستن بە پیسبوون و تێکچوونی ڕۆن و مەترسییەکانی تەنە بێگانەکان. لە ناوچەی سوورکردنەوە، بۆ ئەوەش ئەندازیاران ڕوونکردنەوەیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمی و گۆڕین و پاڵاوتنی ڕۆن و چاودێریکردنی کۆی ماددە جەمسەرییەکان (Total Polar Materials) پێشکەش بە فێرخوازان کرد، کە بۆ پاراستنی کوالێتی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی ئەکریلامید (Acrylamide) پەیڕەوەى دەکەن.
هاوکات لە بەشی کوالێتی، فێرخوازان ئاشناى تاقیکردنەوەکانی پێوانەکردنی خوێ و بڕی ڕۆن بوون، لەگەڵ پشکنینی کانزا و دڵنیابوون لە کێشی پاکەت و تاقیکردنەوەی توندوتۆڵی داپۆشینەکان، بۆ ئەو مەبەستەش تیمی پاکەتکردن ڕوونکردنەوەیان لەسەر پەردە (membrane)ی بەربەستی بەرز و پاکەتکردن بە نایترۆجین و کۆدکردنی گرووپەکان و بەدواداچوونی گشتگیر لە دابینکەرەوە تاوەکو گواستنەوە پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
لە کۆتایشدا فێرخوازان گفتوگۆیان لەسەر کارتی زانیاری خۆراک و ماددە هەستیارەکان و، چۆنیەتی کاریگەریی هەڵبژاردەی پێکهاتەکان لەسەر ئامانجەکانی پەیوەست بە گەرمۆکە (کالۆری)، چەوری و سۆدیۆم کرد.






