فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سیمینارێکی هۆشیاری لەبارەى کاریگەری زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایل پێشکەش دەکەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٥) ، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لە قوتابخانەی ساڤای بنەڕەتی پێشکەش بە قوتابیانى قۆناغی بنەڕەتی کرد.
لە سەرەتادا فێرخوازان، لەلایەن مامۆستا خەندە فەریدون سەرپەرشتیاری قوتابخانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، لە وتەیەکدا پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر پیشاندا بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى لە گرنگی بەکارهێنانی تەندروستانەی تەکنەلۆجیا دەربڕی. پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان کە تایبەت بوو بە (کاریگەری زیاد بەکارهێنانی مۆبایل) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس ڕوونیان کردەوە کە چۆن بەکارهێنانی مۆبایل بۆ ماوەیەکى زۆر کاریگەری لەسەر بینین و دۆخی جەستە و کوالێتی خەو و تەرکیز لە سەر قوتابى هەیە. هەروەها باسیان لە مەترسییەکانی بەرکەوتنی زۆر لەگەڵ شاشە کرد، وەکو فشاری چاو و کەمی چالاکیی جەستەیی و کێشەکانی کارلێکی کۆمەڵایەتی. هەروەها لە سیمینارەکەدا جەخت لەسەر گرنگی هاوسەنگکردنی کاتەکانی بەرکەوتن لەگەڵ شاشە و چالاکییەکانی دەرەوە و خووی باشی خوێندن و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسانی دیکەدا کرایەوە.
لە بەشى کۆتایی سمینارەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگاری پراکتیکییان سەبارەت بە کەمکردنەوەی کاتەکانی بەکارهێنانى مۆابیل و تەلەفۆن پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆیەکى نێوان قوتابیانى قوتابخانەکە و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆتایی هات.