فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس هەڵمەتێکی هۆشیاری تەندروستی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠٢٥)، فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری تەندروستییان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بەشداریان کرد، زانیاری تەندروستی بەنرخیان بە سەردانکەران بەخشی و چەندین پشکنینی پزیشکییان ئەنجامدا، پشکنینەکان بریتی بوون لە پێوانەکردنی ئاستی شەکر لە خوێن، کە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، هەروەها هەڵسەنگاندنی پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) بۆ دیاریکردنی دۆخی کێش گرنگن، هاوکات فێرخوازان پەستانی خوێنیان بۆ سەردانیکەرانى پارکەکە پێوانە کرد بۆ دیاریکردنی ئەگەری بەرزی فشاری خوێن، لەگەڵ پشکنینی ڕادەى ئۆکسجینی خوێن (SpO2) بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی هەناسەدان. چالاکیەکى دیکەى فێرخوازان بریتى بوو لە پێوانەکردنى ڕێژەی کەمەر بۆ شان بوو، تاقیکردنەوەیەک یارمەتی دیاریکردنی دابەشبوونی چەوری دەدات و چۆن پەیوەندی بە مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.
هەر لە میانەى بەڕێوچوونى هەڵمەتەکەدا، فێرخوازان چالاکانە کارلێکیان لەگەڵ سەردانیکەرانی پارکەکەدا کرد و، زانیارییان لەبارەى خۆراکی تەندروست و مەترسییەکانی خۆراکی ناتەندروست و گرنگی پشکنینی تەندروستی بەردەوام بۆ سەردانیکەران باسکرد، جگە لەوەش کۆمەڵێک ئامۆژگاری پراکتیکییان سەبارەت بە چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی شێوازی ژیان بە پەیڕەوکردنی خووی هاوسەنگی خواردن و بەشداریکردن لە چالاکیی جەستەیی پێشکەش ئامادەبوانى چالاکیەکە کرد.
هەڵمەتەکە بەشدارییەکی زۆری سەردانکەرانی بەخۆیەوە بینی، کە سوودمەند بوون لەو پشکنینە پزیشکی و ڕاوێژکارییە تەندروستییە بێبەرامبەرانەی کە پێشکەشکرابوون. زۆرێک لە بەشداربووان پێزانینی خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی، جەختیان لەسەر گرنگی ئەم جۆرە چالاکییە کۆمەڵایەتییانە کردەوە لە پێشخستنی هۆشیاری تەندروستی لەنێو کۆمەڵگە.