فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە میانەى سەردانێکى زانستیدا ئەزموونی پراکتیکی لە بەرهەمهێنانی خۆراک بەدەستدەهێنن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (29ی 1ی 2025)، فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای بەیروت بۆ بەرهەمەکانى پەتاتە لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر یاسین مامەند بەڕێوەچوو و، بەگەیشتنیان لە لایەن حاجى شەعبان محەمەد خاوەنی کۆمپانیاکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد و بەشەکانى کارگەیان بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەرفەتى ئەوە ئەوە بۆ فێرخوازان ڕەخسا لە نزیکەوە ئاشناى قۆناغەکانی دروستکردنی بەرهەمی جیاوازی پەتاتە ببن، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان هەریەک لە پرۆسەکانی (هەڵبژاردنی پەتاتەی خاوێن و پاککردنەوە و بڕین و سورکردنەوە و بەهاراتکردن تا پاکەتکردن و بەرهەمهێنانی چپس)یان بینى، جگە لەوەش فێرخوازان ئاشناى ئەو تەکنەلۆژیا مۆدێرنانە کران، کە بۆ دڵنیابوون لە کارایی و کوالێتی بەرز بەکارى دەهێنن. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەلایەن بەڕێوەبەر و ستافى کارگەکە زانیاریی پێویستیان لەبارەى ستانداردەکانی پاکوخاوێنی و سەلامەتی کارگەکە پێشکەشکرا، بەتایبەت چۆنیەتى کۆنتڕۆلکردنى پلەی گەرمی و، ڕێکخستنى ڕادەى شێ بۆ پاراستنی کوالێتی بەرهەمەکان. هەروەها ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ڕۆڵی مادەی پارێزەر و زیادکەری خۆراک و تامە سروشتییەکان لە باشترکردنی بەرهەمەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرا.
وێستگەی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی کارگەکە یەکێکى دیکە بوو لە گرنگترین خاڵەکانى گەشتە زانستیەکەى فێرخوازان، چونکە بەهۆیەوە فێربوون چۆن تام و وادەى بەرهەمەکان دیارى بکەن و تاقیبکەنەوە پێش ئەوەی بخرێنە بازاڕەوە، جگە لەوەش ئاشناى گرنگی نوسینی پێکهاتەى خۆراک و پابەندبوون بە ستانداردەکانی سەلامەتی خۆراک کران، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی بەکاربەر.