فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سیمینارێکی هۆشیاری سەبارەت بە کاریگەری خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر تەندروستی فێرخواز پێشکەش دەکەن
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لە ئامادەیی ڕزگاری پێشکەش بە فێرخوازانى پۆلی دوانزەی ئامادەیی کرد. سیمینارەکە بە ناونیشانی (کاریگەری خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر تەندروستی و ئەدای خوێندنی فێرخواز).
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئارام احمد به گه ڕمی پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە میانەی پێشکەشکردنى سیمینارەکەیاندا، بە وردى باسیان لە کاریگەرییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر جەستەیان ڕوونکردەوە، هەروەک تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چۆن ڕێژەی بەرزی کافاین و شەکر کاریگەری لەسەر تەرکیزکردن و کوالیتی خەو و ئەدای خوێندنی گشتی هەیە. هەروەها باسیان لە مەترسییە تەندروستییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی خواردنەوە وزەبەخشەکان کرد، لەوانە زیادبوونی لێدانی دڵ، دڵەڕاوکێ، وشکبوونەوەی لەش و تێکچوونی میتابۆلیزم.
هەر لە چوارچێوەى سمینارەکەیاندا بەوردى تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چۆن خواردنەوە وزەبەخشەکان دەبنە هۆی ماندوێتی و خراپی تەرکیز و کێشەی تەندروستی درێژخایەن بەتایبەتی لای قوتابیە گەنجەکان. جگە لەوەش، کۆمەڵێک ئامۆژگاریان پێشکەش بە قوتابیان کرد بۆ زیادکردنی وزە بە شێوەیەکی سروشتی، وەک خواردنەوەی ئاو بە بەردەوامی، خواردنی ژەمە هاوسەنگەکان و خەوتنی پێویست.