فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سیمینارێکی هۆشیاری لەبارەى کاریگەری کەمی ڤیتامین D لەسەر تەندروستی پێشکەش دەکەن
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، کۆمەڵێک لە قوتابیانی قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکیان لە قوتابخانەی کوردستانی ئایندەی ئەهلی پێشکەش کرد. سیمینارەکە بەناونیشانی “کاریگەری کەمی ڤیتامین D لەسەر تەندروستی” بوو.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن مامۆستا زانا احمد به گه ڕم و گوڕى پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکەدا سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی 12 کرد، لە میانی سیمینارەکەدا فێرخواز باسیان لە ڕۆڵی سەرەکی ڤیتامین D کرد لە تەندروستی ئێسک و کارکردنی سیستمی بەرگری لەش و تەندروستی دەروونیدا، هەروەک ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە چۆن کەمی ڤیتامین D دەتوانێت ببێتە هۆی حاڵەتەکانی وەکو ڕیکێت لە منداڵان، پووکانەوەی ئێسک لە گەورەکاندا و، زیادبوونی مەترسی تووشبوون و نەخۆشی درێژخایەن. هەر لە میانەى لە پێشکەشکردنەکەدا تیشکیان خستە سەر سەرچاوە سروشتییەکانی ڤیتامین دی، لەوانە بەرکەوتن بە تیشکی خۆر، سەرچاوە خۆراکیەکانی وەک ماسی و بەرهەمە شیرەمەنیەکان، هەروەها بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراک لەکاتی پێویستدا.
دانیشتنەکە کارلێککارانە بوو، چونکە ڕێگە بە قوتابیانى ئامادەیی دا پرسیارەکانیان سەبارەت بە خۆراک و خووەکانییان و شێوازی ژیانیان کە پەیوەندییان بە وەرگرتنی ڤیتامین Dەوە هەیە بکەن و وەڵامى پێویست بەدەست بهێنن.