فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان باس لە سوودەکانی فێربوونى زیاتر لە زمانێک دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی یەکەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی سەرنجڕاکێشیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلە جیاوازەکان لە قوتابخانەکانی مەعریفی نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر کرد.
فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر زینە مەحمود بەڕێوەچوو، سەرەتا لە لایەن ئینجی نیهاد شوکر بەڕێوەبەری ئامادەیی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکەدا مامۆستاى سەرپەرشتیار زینە مەحمود تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرینگی شارەزایی فرە زمان لە خوێندن و وەرگێڕان و ژیانی ڕۆژانەدا. بەدوایدا فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان، کە پێکهاتبوون لە ( ترێفا عەونی عەدنان و نزار عەزیز ئیسماعیل، دیانا سەمهەر ڕەفیا، ژیلوان یوسف ڕەسووڵ، سارا سەردار عارف و مریەم عەبدولباری حەموودی) بە چەند زمانێکى جیاواز خۆیان ناساند، ئینجا باسیان لە گرنگى فێربوونى زمانى جیاواز و شێواز و هەنگاوەکانى فێربوونى زیاتر لە زمانێک بۆ قوتابیان کرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارەکەیاندا دەستەواژە و ڕستەیان بە زمانی جیاواز بەکاردەهێنا و، وەک مەشق و ڕاهێنانێکى سەرەتایی بۆ دروستکردنى ئارەزوى فێربوون لەلاى قوتابیان، هاوکات تیشک خستنەسەر سوودە مەعریفیەکان، دەرفەتی پیشەیی و دەسکەوتنى کار، هۆشیاری کەلتووری و بەرزکردنەوەی توانای پەیوەندیکردن لایەنێکى دیکەى سمینارەکەى پێکهێنا.
چالاکییەکە بووە دەرفەتێکى گرنگ بۆ قسەکردن زمانەکان و بوارى وەرگێڕان و، تاوتوێکردنى لایەنە ئەکادیمی و کەسیەکان، قوتابیانى قوتابخانەکەش ئارەزووی خۆیان بۆ فێربوونی زمانەکان دەربڕی بۆ ئەوەی ببنە کەسێکى قسەکەری فرە زمان.