فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان بە گەشتێکی زانستی ئۆفیسی لەندەن بۆ وەرگێڕانی یاسایی بەسەردەکەنەوە
لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستى زانستى و ئاشنابوون بە لایەنی پراکتیکی و ژینگەى کارکردن، سەرۆکایەتى بەشی وەرگێڕان لە کۆلێژى ئاداب و هونەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ ئۆفیسی وەرگێڕانی یاسایی لەندەن ڕێکخست.
سەردانەکە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری لەیلا بەهجەت شەریف بەڕێوەچوو و، فێرخوازان لەلایەن رفاعى رشيد محمد بەڕێوەبەری ئۆفیس لەندەن بۆ وەرگێڕانى یاسایی پێشوازییان لێکرا، لە دیدارێکدا سەرەتا ڕوونکردنەوەیەکى لە بارەى گرنگی وەرگێڕانی یاسایی و ڕۆڵی لە کەرتە جیاکاندا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان باسى لە میکانیزمی کارکردنی فەرمانگەکانی وەرگێڕانی یاسایی و ئەو ستانداردە پیشەییانە کرد، کە دەبێت لە وەرگێڕی یاساییدا بەردەست بن، دواتر بەڕێوەبەرى ئۆفیسى لەندەن بۆ وەرگێڕانى یاسایی باسی لە چۆنیەتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی وەرگێڕی یاسایی کرد، هەروەها جۆرەکانی مۆری پەسەندکراوی بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە، کە متمانە و قبوڵکردنی یاسایی بە بەڵگەنامە وەرگێڕدراوەکان دەبەخشن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، رفاعى رشيد محمد ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ناسنامەی سەندیکای وەرگێڕان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەها باسى لەو سوودانە کرد، کە سەندیکاکە پێشکەشی وەرگێڕانی بڕوانامەدارى دەکات، لە کۆتایشدا باسى لەو ئاڵنگارییانە کرد، کە ڕووبەڕووى وەرگێڕانی یاسایی لە ژینگەی کارکردندا دەبێتەوە، لە کۆتایشدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى رفاعى رشيد محمدى کرد بۆ پێشکەشکردنى ڕونکردنەوەکانیان لەبارەى کاروبارى وەرگێڕانى یاسایی بە فێرخوازان.