فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان سەردانی ئەکادیمیای ئەستۆریا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (19ی 1ی 2024)، سەرۆکایەتى بەشى وەرگێڕان لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم بۆ ئەکادیمیای ئەستۆریا لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عیمادالدین مەجید زنرنی بەڕێچوەوو، سەرەتا لەلایەن هیشام کۆنور بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى ئەکادیمیەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بەتایبەت ئەو چالاکیە جۆراوجۆرانەى ئەنجامى دەدەن.
پاشان فێرخوازان ئامادەى نمایشکردنى فیلمێک بوون، کە تیایدا فێرخوازان ڕۆڵی وەرگێڕانیان لە پڕکردنەوەی بۆشاییە کولتوورییەکان نیشاندا، هەر لە میانەى نمایشکردنى فیلمەکەدا فێرخوازان بەدواداچوونیان بۆ ئاستەنگەکانی وەرگێڕانی فیلم کرد و، جەختیان لەسەر گرنگی هەستیاری لایەنى کەلتووری و وردبینی زمانەوانی لە کاتى وەرگێڕان کردەوە. لە ڕێگەی ئەم چالاکیەوە فێرخوازان ڕاهێنانێکى پراکتیکیان لە بوارەکەدا کرد، ئەوەشیان بۆ ڕون بووە، کە چۆن وەرگێڕان دەتوانێت بەشداری لە پەرەپێدانى توانا زمانەوانى و کارى وەرگێڕان بکات.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، هیشام کۆنور بەڕێوەبەرى ئەکادیمیایەکە؛ فێرخوازانى ئاشناکرد بە خزمەتگوزاری و تایبەتمەندییە تایبەتەکانی ئەکادیمیاى ئەستۆریا، لەوانەش خولی ئینگلیزی بازرگانی، خولی ئینگلیزی گشتی، خولەکانى (IGCSE، IPT و IELTS)، جگە لەوانەش فێرخوازانى بە نوێترین شێوازەکانی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی ئاشناکرد.