فێرخوازانى بەشی وەرگێڕان سەردانی قوتابخانەى نێودەوڵەتی Win دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١٠/٢٠٢٥)، بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ خوێندنگەی نێودەوڵەتی Win ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عمادالدین ماجد زنرنی ئەنجامدرا، بە گەیشتنیان بە قوتابخانەکە لەلایەن بریار کەریم بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و خاتوو هودا جەمال بەرپرسی کوالێتی ئەکادیمی لە قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا کورتەیەکیان لەبارەى سیستمى خوێندن و پرۆگرامە پەروەردەییە پەسەندکراوەکان و میکانیزمەکانی یەکخستنی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی فێرکردندا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە ئاماژەی بە گرنگی پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و زمانی لای قوتابیانى قوتابخانەکەى کرد بۆ گونجاندن لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی بوارى پەروەردە. لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتێکی مەیدانیەکەیاندا، دەرفەت بە فێرخوازان درا پۆل و تاقیگەکانى قوتابخانەکە بەسەر بکەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدل فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشناى شێوازەکانی وانەوتنەوەی کارلێککارانە بوون.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دەرگای گفتوگۆ لەنێوان فێرخوازان و ستافی وانەوتنەوەی قوتابخانەکە کرایەوە، کە تێیدا پرسیار سەبارەت بە پێداویستییەکانی کارکردن لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و گرنگترین ئەو لێهاتووییانەی کە مامۆستای هاوچەرخ پێویستی پێیەتی، وروژێنران و گفتوگۆى وردیان لەبارەوە کرا.






