فێرخوازانى بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ بۆ چالاکیەکى مەیدانی سەردانى نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (٩/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ، سەردانێکی مەیدانی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر (فیراس ئیسماعیل مستەفا) بەڕێوەچوو، کە تیایدا فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن ستافی نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا. پاشان ستافى کارگێڕى نەخۆشخانەکە هاوەڵى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانیان کرد، بۆ ئاشناکردنى کارى پەرستارى لە پڕۆسە تەندروستییە سەرەکیەکانى بەشەکانى نەخۆشخانەکە، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان بەشەکانى بریندارەکان، تاقیگە، چێشتخانە، هەروەها بەشەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و خاوێنڕاگرتن (WASH) و هۆڵەکانی مانەوەی نەخۆشانی ناوخۆیی (Inpatients)ی بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانیشدا دکتۆر فیراس باسى لە بوارە هەستیارەکانی وەک پێوەرەکانی خاوێنڕاگرتنی ژینگەیی، ڕێکارەکانی پاککردنەوە (Disinfection)، خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان، بەڕێوەبردنی پاشماوە پزیشکییەکان، بەکارهێنانی سەلامەتیی کەرەستەکانی خۆپارێزیی تاکەکەسی (PPE)و، پڕۆتۆکۆلەکانی سەلامەتیی خۆراک بەشێوەیەکى زانستى و کردەیی بۆ فێرخوازان شیکردەوە، بۆ ئەوەش فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجیان لەبارەى کارى ڕۆژانەى نەخۆشخانەکە لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەکە ئاڵوگۆڕ کرد.
لە کۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسی تیمی نەخۆشخانەکەی کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان و ئاشناکردنیان بە بەشە جیاوازەکان و ژینگەى کارکردنى پەرستارى لە نەخۆشخانەکە.