فێرخوازانى بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ سەردانی کلینیکێکى جوانکاری دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٧/١٠/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى دکتۆر فراس ئیسماعیل مستەفا بەسەردانێکی مەیدانی کلینیکی جوانکاری (دکتۆر نادیە جەودەت جەباری)یان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بە گەرمى لەلایەن (على حسن) کارمەندى کلینیکەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان کۆمەڵێکى زانیاری وردی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی ڕۆژانە لە کلینیکەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات باسى لە ڕێکارەکانی سەلامەتی پیشەیی و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی هەوکردن لە کلینیکیەکەدا کرد. دواتریش هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانی کلینیکە و، لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشناى شێوازە پیشەییەکانی چاودێریکردنی نەخۆش، ڕێکارەکانی پاکردنەوە و مامەڵەی سەلامەت لەگەڵ کەرەستە و ئامێرەکانی جوانکاری کران. هەروەها عەلى حوسێن بەهاوکارى مامۆستاى سەرپەرشتیار فێرخوازانى لە چۆنیەتى مەترسییە پیشەییە ئەگەرییەکان و ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی هەر مەترسییەک بۆ فێرخوازانیان ڕونکردەوە، کە ئەوەش یەکێکە لە بنەماکانی کارى پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ و ڕێکارەکانی سەلامەتی پیشەیی لە ژینگەیەکی کارکردنی پیشەییدا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دکتۆر فراس ئیسماعیل مستەفا سەرپەرشتیارى فێرخوازان سوپاسی دکتۆر نادیە و کارمەندانی کلینیکەکەی کرد بۆ پێشوازی و پێشکەشکردنى ڕێنماییەکان بە فێرخوازان و ڕەخساندنى دەرفەت بۆ ئاشنابوون بە ژینگەیەکى کارکردنى داهاتووى فێرخوازانى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ.