فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بەشداری چالاکییەکانی پاڵەوانێتی عەرەبی جودۆ دەکەن
ڕۆژى (١٦/١٠/٢٠٢٥) پاڵەوانیەتی جودۆ بۆ هەڵبژاردە و یانەکانی وڵاتانی عەرەبى بە بەشداری هەشت هەڵبژاردەی عەرەبی کە بریتیین لە: جەزائیر، تونس، لیبیا، کوەیت، قەتەر، سوریا، ئوردن، و یەمەن لە کۆمەڵگەی ڕۆزی گەشتیاری لە شەقڵاوە دەستى پێکرد.
لەو پاڵەوانێتیەدا، کە بڕیار وایە تا ڕێکەوتى (٢٢/١٠/٢٠٢٥) بەردەوام بێ، ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٩/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغەکانى دووەم و سێیەمى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى هەریەک لە مامۆستای یاریدەدەر ئەحمەد سەعید و مامۆستای یاریدەدەر محەمەد سەڵاحەدین بەشدارییان لە چەند یارییەکى پاڵەوانێتیەکەدا کرد
یارییەکانى پاڵەوانێتیەکە لە کەشێکی پێشبڕکێیی پڕ لە حەماسەت و ڕۆحی وەرزشیی بەرزدا بەڕێوەچوو و، فێرخوازانیش لە نزیکەوە ئاشناى میکانیزمەکانی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی پێشبڕکێ وەرزشییەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بوون، بەتایبەت لە بوارەکانی ڕاهێنان، ناوبژیوانی و ڕێکخستنی وەرزشی، لەگەڵ پێداویستییەکانی گۆڕەپانی وەرزشیی ناوخۆیی و عەرەبی، ئەوەش وایکرد فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى کارلێک لەگەڵ یارییەکانى پاڵەوانێتیەکەدا بکەن.
پاڵەوانیەتی جودۆ بۆ هەڵبژاردە و یانەکانی وڵاتانی عەرەبى، لەلایەن یەکێتی ناوەندی جوودۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی جودۆی لقی هەولێر ڕێکخراوە.





