فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان مەشقە پراکتیکیەکانیان لە قوتابخانەکان دەست پێکرد
فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشى پەروەردەى پەروەردەی وەرزشی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، دەستیان کرد بە مەشقى کرداری لە قوتابخانەکان وەک بەشێک لە پێداویستیەکانى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندنى زانکۆییان .
لەو چوارچێوەیەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵى 2025، سەرجەم فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بەچاودێرى سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى جەستەیی زانستە وەرزشیەکان و بەسەرپەرشتى مامۆستایانى بەشەکە دابەشى سەر ژمارەیەک قوتابخانەی حکومی و ناحکومی بوون.
کارگێڕى قوتابخانەکان ژینگەییەکی پەروەردەیی و دەرفەتى تەواویان ڕەخساندوە بۆ فێرخوازانى ڕاهێنەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو زانیارییە تیۆریی و کردارییانەی کە لە هۆڵەکان و یاریگەکانى زانکۆ لە ماوەى ساڵانى خوێندنى زانکۆیی بەدەستیان هێناوە، بۆیە وەک مامۆستاى بابەتە جیاوازەکان وانە بە پێى خشتەى قوتابخانەکان بە قوتابیانى قوتابخانەکان دەڵێنەوە و پراکتیزەى ئەو زانست و زانیارییانە دەکەن کە بەدەستیان هێناوە.
قۆناغی مەشقکردن بە بنەما و پێداویستیەکی سەرەکی بۆ ئامادەکردن و شیاوکردنی فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بۆ پیشەیی مامۆستایى دادەنرێ، چونکە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی تواناکانیان لە بوارەکانی پەروەردەیی و پەیوەندیکردندا، هەروەها توانای پیشەییان بەڕێوەبردنی پۆلەکان بە شێوەیەکی کارا بەهێز دەکات.






