فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان سەردانی پەیمانگەی وەرزشی هەولێر دەکەن و یارییەکى دۆستانەش ئەنجام دەدەن
ڕۆژی سێ شەممە ، ڕێکەوتی 28/10/2025 سەرۆکایەتی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر ، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانی هەریەک لە قۆناغەکانی دووەم و سێیەم بۆ پەیمانگەی وەرزشی هەولێر ڕێکخست .
لەو سەردانەدا، کە بەسەرپەرشتی هەریەک لە دکتۆر زمان سالح حسن و مامۆستای یاریدەدەر احمد سعید احمد بەڕێوەچوو ، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن شێروان خسرۆ بەڕێوەبەری پەیمانگە و مامۆستایانی پەیمانگەی وەرزشی هەولێر پێشوازییان لێکرا ، دوای بەخێرهێنانی فێرخوازان ، شێروان خسرۆ لە وتەیەکدا بەشەکانی پەیمانگەی وەرزشی هەولێر و ژێرخان و پرۆگرامە ئەکادیمییەکانی بە فێرخوازان ناساند، پاشان ڕۆشنایی خستە سەر سروشتی خوێندن و چالاکییە زانستییەکانی پەیمانگە .
لە بەشێکی تری گەشتەکەدا یارییەکی دۆستانەى تۆپی دەست لە نێوان فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، فێرخوازانى پەیمانگەی وەرزشی هەولێر بەڕێوەچوو ، لە یارییەکی پڕ لە پێشبرکێ و گیانی وەرزشیدا، فێرخوازانى پەیمانگەی وەرزشی هەولێر توانیان بە تۆمارکردنى ( 12 گۆڵ بەرامبەر بە 10 ) گۆڵ ببنە براوەى یارییەکە .
لە کۆتایی سەردانەکەیاندا ، مامۆستایانی سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆکایەتی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زاستە وەرزشیەکان زانکۆی جیهان –هەولێر سوپاسی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی پەیمانگەی وەرزشی هەولێریان کرد و، جەختیان لەسەر پێویستی ئەو جۆرە سەردانانە کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان .







