فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی بە چالاکیەک یادی ڕۆژی جیهانی مامۆستا پیرۆز دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠٢٥) کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى جیهانى مامۆستایان، فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەش و ستافى مامۆستایان، یادی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان بە شکۆداری و لە کەشێکی پڕ لە ڕێز و پێزانیندا بەرز ڕاگرت.
لە سەرەتاى چالاکییەکەدا، دکتۆر ئەحمەد عەبد عەون، سەرۆکی بەشی پەروەردەی گشتی، بە یاوەری ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازان، پەیامى پیرۆزبایی ڕۆژەکەیان گەیاندە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر، و دەستە گوڵێک و کتێبێکی یادگاری و نامەیەکی سوپاسگوزاری و پێزانینیان پێشکەش بە بەڕێزیان کرد، وەک دەربڕینێک بۆ پێزانینی قووڵیان بەرامبەر بە هەوڵە بەردەوامەکانی لە پشتگیریکردنی لە مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە و بەرزکردنەوەی پێگەی زانکۆ لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە.
بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانەى فێرخوازان و دەستپێشخەری بەشی پەروەردەی گشتی لە زیندووکردنەوەی ڕۆژی جیهانی مامۆستا دەربڕی، هەروەک ستایشی ڕۆحی ڕێز و پێزانینی فێرخوازانى کرد بەرامبەر بە مامۆستاکانیان و، جەختی لەوە کردەوە کە پیشەی مامۆستایی تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پەیامێکی پیرۆزە کە پێش بنیاتنانی کۆمەڵگە، مرۆڤ بنیات دەنێت، هەر لەو بارەیەوە سەرۆکى زانکۆ زیاتر وتی:
“زانکۆی جیهان – هەولێر هەوڵ دەدات نەوەیەک لە مامۆستایان ئامادە بکات کە توانای چاندنی بەها مرۆیی و زانستییەکان لە ناخی قوتابیان هەبێت، تا ببنە داهێنەری سبەینێیەکی گەشاوە. هەروەها، وتیشى دەستپێشخەرییەکەی ئەمڕۆتان ڕەنگدانەوەی خودی پەروەردەی ڕاستەقینەیە، مامۆستایەک کە لەلایەن فێرخوازەکانیەوە هەوڵەکانى بەرز دەنرخێنرێت و، دەزانێت کە لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بووە و پەیامەکەی کاریگەرییەکی باشی لەسەر ناخی ئەوان بەجێهێشتووە. ڕاشیگەیاند: بنیادنانی مرۆڤ بەرزترین جۆری بنیادنانە، چونکە ئەو شارستانییەت دروست دەکات و سەرکردایەتی گۆڕانکاری دەکات. بۆیە سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ئێوە، کە تۆوی وەفاداری لە زەوی زانستدا دەچێنن.”
دوای ئەم سەردانە، فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى سوپاسی قووڵی خۆیان بۆ مامۆستاکانیان لە زانکۆ دەربڕی، بە پێشکەشکردنی گوڵ و نامەی پێزانین و کتێب، کە هەڵگری دەربڕینی سوپاس و ستایش بوون بۆ بەخشندەیی بێسنوور و هەوڵە دڵسۆزانەکانیان لە بنیاتنانی نەوەیەکی خوێندەوار، هۆشیار و داهێنەر.