فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی بە کەمپینێکی هۆشیاری یادی ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونی دەکەنەوە
گروپێک لە فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە چالاکیەکى هۆشیارى یادى ڕۆژى جیهانى تەندروستى دەرونى لە چەند شوێنێکى جیاوازى شارى هەولێر دەکەنەوە.
چالاکیەکە لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (12/10/2025) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر ڕۆژان عەلی خدر بە ناونیشانی “عەقڵت گرنگە” بەڕێوەچوو، لە میانەى چالاکییەکەیاندا فێرخوازانى بەشى پەروەردە سەردانی مەیدانییان بۆ ژمارەیەک دامەزراوە و شوێنی گشتی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، لەوانە نەخۆشخانەی CMC، نەخۆشخانەی ڕزگاری، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و باخچەی شار لە سەنتەرى شارى هەولێر.
فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى شوێنە جیاوازەکاندا، کۆمەڵێک زانیارى گرنگیان لەبارەى تەندروستی دەروونی و گرنگییەکەی لە هاوسەنگی ڕۆژانەی تاک پێشکەش بە هاوڵاتیان و فەرمانبەران لە دامەزراوە جیاوازەکان کرد و، جەختیان لەوە کردەوە کە بایەخدان بە تەندروستی دەروونی کەمتر نییە لە بایەخدان بە تەندروستی جەستەیی، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان گفتوگۆیان لەبارەى گرنگترین ئاڵنگارییە دەروونییە باوەکان کرد وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، سترێس و گۆشەگیری، هەروەها ئامۆژگاری پراکتیکییان پێشکەش بەهاوڵاتیان کرد بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی لە ڕێگەی دەربڕینی هەستەکان، ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی، پاراستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی و خەوی تەندروست و داواکردنی یارمەتی کاتێک پێویست بێت.
کەمپین و چالاکیەکەى فێرخوازان لەلایەن عەمید کامیل محەمەد باقر بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى هەولێر و کیفاح حەسەن، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر پێشوازییان لێکرا و، سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجدارەی فێرخوازان، کە بەشدارە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەهێزکردنی تەندروستی دەروونی لەنێو کۆمەڵگەدا.