فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی سەردانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی کەنەدى دەکەن
بە مەبەستى ئاشناکردنى فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى بەشەکەیان بە کاروبارى ژینگەى کارکردن، سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی بۆ قوتابخانەی نێودەوڵەتی کەنەدی لە شاری هەولێر بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم بەڕێوەبرد.
لە میانەى ئەو سەردانەزانستیەکەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٩/١/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر بۆتان عوسمان ئەمین بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن کەریم ئەحمد بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و، ژمارەیەک لە مامۆستایان بە گەرمى پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەى پۆلەکانى قوتابخانەکە، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان بەرکەوتەی شێواز و تەکنیکە پێشکەوتووەکانی وانەوتنەوە بوون، کە لەلایەن مامۆستایانی بە ئەزموونەوە لە قوتابخانەکە بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنى قوتابیان پەیڕەو دەکرێن، هەربۆیە فێرخوازان زانیاری پراکتیکییان بەدەستهێنا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پۆلە مۆدێرنەکان و، چۆنیەتی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم لە قوتابخانەکەدا.
هەر لە پەراوێزى بەسەرکردنەوەى پۆلەکاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى گفتوگۆکردن لەگەڵ مامۆستایانى قوتابخانەکەدا ئاشناى شێوازە داهێنەرەکانى پلاندانانی وانەکان، تەکنیکەکانی فێرکردنی کارلێککارانە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی پەروەردە بوون. لە کۆتایشدا مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى گشتى سوپاس بەڕێوەبەر و مامۆستایانى قوتابخانەکەى کرد لە بەرانبەر پێشوازیکردن و ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئاشناکردنى بە شێواز و میتۆدە پەیڕەوکراوەکان لە قوتابخانەکەیان.
.