فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی سەردانی قوتابخانەی بارزی دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٤/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی بارزی ئەهلی بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دەشنی عەبدوڵڵا سەعید ئەنجامدا.
لە سەرەتای سەردانەکەدا فێرخوازان لەلایەن ڕاستی خۆشناو بەڕێوەبەری قوتابخانەی بارز بە گەرمی بەخێرهاتن کران، سەرەتاش کورتەیەکى لەبارەی قوتابخانەکە و بەرنامەکان و سیستمی پەروەردەیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان دکتۆر سەنگەر ئیسماعیل وەک ڕێکخەری ئەکادیمی قوتابخانەکە، باسی لە گرنگی ئامادەکردنی پلانی وانەی ڕۆژانە کرد، جەختی لەوە کردەوە کە هەموو مامۆستایەک پابەندە بە پێشکەشکردنی پلانەکەی بۆ پێداچوونەوەى لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند، ڕوونیشیکردەوە کە نەبوونی پلانی وانەکان ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای مامۆستا هەبێت بۆ وانەوتنەوەیەکی کاریگەر و پێناسەکردنی ئامانجە پەروەردەییەکان بە ڕوونی و ڕەوانى.
دواتر فێرخوازان بەسەر چەند پۆلێکی جیاوازدا دابەشکران بۆ ئەوەی ئامادەبن لە دانیشتنە پەروەردەییەکان، دواتر سەردانی باخچەیەکی ساوایانیان کرد، لەوێدا بە ژینگەی پەروەردەیی و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی پۆل ئاشنا کران. هەر لەم سەردانەدا، دکتۆر سوکار موسلح بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان، سیاسەتەکانی باخچەی ساوایان و شێوازی وانەوتنەوە و جۆرەکانی چالاکییەکانی بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوونکردەوە کە بۆ هاندانى منداڵان بۆ فێربوون پشتى پێ دەبەستن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازان بە گرنگیەوە باسیان لەم ئەزموونە مەیدانیە کرد، بەو پێیەی بیرۆکە و تێڕوانینێکی بەنرخیان بەدەستهێنا کە دەتوانن لە ژیانی پەروەردەیی داهاتوویاندا بەکاریبهێنن.