فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە میانەى سەردانێکى مەیدانى ئاشناى شێوازەکانى وانەوتنەوە دەکرێن
لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی بەستنەوەی بابەتەکانى خوێندن بە ژینگەى کارکردن، سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکى زانستی و پراکتیکی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ قوتابخانەی ناوەندی شارەستانی کچان لە هەولێر ڕێکخست.
سەردانەکە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٧-٢-٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دەشنی عەبدوڵڵا سەعید ئەنجامدرا، لەو چوارچێوەیەشدا دواى پێشوازیکردنیان لەلایەن مامۆستا ڕوناک یەعقوب حسێن بەڕێوەبەری قوتابخانە کە، ئینجا فێرخوازان پۆلەکانى قوتابخانەکەیان بەسەرکردەوە و بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى ژینگەی ڕاستەقینەی پۆلەکان بوون، بەتایبەت ستراتیژ و شێوازە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە، بۆ ئەوەش مامۆستای زمانی ئینگلیزی (راژان هەیاس)، باسى لە گرنگترین شێوازەکانی بەکارهێنراو بۆ فێرکردنی زمانی ئینگلیزی کرد، لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازە جۆراوجۆرەکان لە ناو پۆلەکاندا، لەگەڵ ئاماژەکردن بە بە پلانی وانەی ڕۆژانە، ئەوەش بەمەبەستی تێگەیشتن فراوانتر لەو شێوازە وانەوتنەوانەى کە لە بوارەکەی ناو قوتابخانەدا بەکارى دەهێنن.
لەکۆتایی سەردانەکەدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانین ئاراستەی دەستەی کارگێڕی قوتابخانە کرد بۆ پێشوازی گەرم و میواندارییان ، بەتایبەت لە ڕەخساندنى دەرفەتی گونجاو بۆ فێرخوازان تا بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى شێوازە پەروەردەییە سەردەمیەکان بوون.