فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە ڕێگەى چیرۆکەوە پەرە بەتواناى نوسینیان دەدرێ
بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر سمینارێکی بۆ (زهرة لقمان احمد) فێرخوازى قۆناغی سێیەم بە ناونیشانی (کچێکی بچووک و دکتۆر) ڕێکخست.
لەو سمینارەدا، کە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى (7/10/2021) لە هۆڵی کۆنفرانس لە زانکۆی جیهان- هەولێر، بە ئامادەبوونی هەریەک لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (عبد الستار كريم سعيد) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و فێرخوازان و (احمد عبد عون) سەرۆکی بەشى پەروەردەى گشتى و مامۆستایانی بەڕێوەچوو، فێرخوازەکە ناوەڕۆکى سمینارەکەى پێشکەشکرد.
لە سمنارەکەیدا، ئەو فێرخوازە لە ڕێگەى گێڕانەوەى ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر کچێکى بچوکدا هاتبوون لە هەژاری خێزانەکەی و نەخۆشی داپیرەی، بەڵام بەکۆڵنەدان و شەونخونى توانى ئامانجەکانى بەدى بهێنێ و ببێتە دکتۆر، هەر لە چیرۆکەکەدا لایەنەکانی ژیان و سروشتی مرۆڤ و هەوڵدانی بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی و خەونەکانی بهێنێتە دی بەوردى باسکرا، ئەوەش ڕونکرایەوە پارە هەموو شتێک نیە لە ژیان، بەڵکو مرۆڤایەتی لە سەرووی پارەوەیە.
ئەم چیرۆکە لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (شوانه قادر) پێداچوونەوەی هونەری چیرۆک نوسینى بۆ کرا، هاوکات فێرخوازانى ئامادەبوو چەند پرسیارێکیان ئاراستەى فێرخوازەکە کرد، لە کۆتایی سێمینارەکە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و فێرخوازان بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەشی فێرخواز کرد و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواست لە داهاتوودا.
ئەم چالاکیانە لە چوارچێوەى پلانی بەشى پەروەردەى گشتى دێ بۆ هاندانى فێرخوازان لە لایەنەکانی رەوانبێژی و نووسین و پەرەپێدان بەتواناى بڵاوکردنەوە.