فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی بەشداری لە وۆرک شۆپێکى تایبەت بە سیاسەتى خەرجییەکانی حکومەت دەکەن
ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (9-12- 2024)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە وۆرک شۆپێکدا کرد، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە هۆتێل ڕۆتانا لە شارى هەولێر ڕێکخرا بوو.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە تایبەت بوو بە (سیاسەتى خەرجییەکانی حکومەت-٢٠٢٤) ژمارەیەک لە پسپۆڕان و لێپرسراوانى وەزارەتى دارایی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەى گرنگترین بنەما و خاڵە سەرەکیەکانى دامەزراوەکانی دەوڵەت لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی و ئابووری کرد، هەروەها باسیان لە چۆنیەتی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەت و ستراتیژى خەرجییەکانی حکومەت کرد، ئەوەش بەسوودوەرگرتن لە توانای ماددی و مرۆیی دەوڵەت، لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا باس لە گرنگترین ئەو ڕێگە و شێوازانە کرا، کە لەلایەن دەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەتەوە لە بوارى دارایی گیراوەتەبەر، کە دەبنە هۆى مسۆگەرکردن و دڵنیابوون لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی تاکەکانى کۆمەڵگە.
لە میانەى بەڕێوەچوونى وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە خستنەڕووى پرسیار و بۆچوون و بیرۆکەکانی خۆیان بەشداریەکى کارایان لە تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکەدا کرد، لە کۆتایشدا کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵاڵە کران بۆ باشترکردنى سیاسەتى خەرجیەکانى حکومەت .