فێرخوازانى بەشی چارەسەری سروشتى بە گەشتێکى زانستى نەخۆشخانەی میهرەبانی بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٤/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی چارەسەری سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چوارچێوەی گەشتێکی مەیدانی پەروەردەییدا، سەردانی بەشی ئەناتۆمی نەخۆشیناسیان لە نەخۆشخانەی میهربانی کرد.
گەشتە زانستیەکەى فێرخوازان بە سەرپەرشتی دکتۆر هەڤاڵ سەردار بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە لایەن دکتۆر تانیا تاریق، پسپۆری نەخۆشییەکان پێشوازییان لێکرا و، پاشان هاوەڵى کردن بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکانی پشکنینی هیستۆپاتۆلۆژی، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى ڕێکارەکانی بایۆپسی، ئامادەکردنی سلایدەکان، تەکنیکەکانی ڕەنگکردنی شانە، کە پێویستن بۆ دەستنیشانکردنی ورد و پلاندانانی چارەسەری گونجاو پێشکەش بە فێرخوازان کرا، هەروەها باسیان لە چۆنیەتی کۆکردنەوەی بایۆپسی بە بەکارهێنانی ڕێگەکانی وەک بایۆپسی بڕین، بڕین و دەرزی ناوەکی کرد. پاشان فێرخوازان ئاشناى قۆناغەکانی پرۆسێسکردنی شانەکان کران، کە بریتین لە بەکارهێنانی کحول، لابردنی ئاو بە بەکارهێنانی زایلین و، جێگیرکردنی لەناو مۆمی پارافین بۆ دروستکردنی بلۆکی شانە. هاوکات فێرخوازەکان ئاشناى پرۆسەی ڕەنگکردن بوون بە بەکارهێنانی هیماتۆکسیلین و ئیۆسین (H&E). هیماتۆکسیلین ناوکی خانەکان بە ڕەنگی وەنەوشەیی ڕەنگ دەکات، لە کاتێکدا ئیۆسین ڕەنگی پەمەیی سایتوبڵازما دەکات، ئەمەش ڕێگە دەدات پێکهاتە خانەییەکان بە ڕوونی لە ژێر مایکرۆسکۆپدا ببینرێت.
لە کۆتاییدا، دەرفەت بە فێرخوازان درا لە ژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینی سلایدە ڕەنگاوڕەنگەکان بکەن و، جیاوازی بکەن لە نێوان شانە تەندروست و نەخۆشەکان.