فێرخوازانى بەشی چارەسەری سروشتی بەسەردانێکى مەیدانى؛ نەخۆشخانەیەکى حکومی بەسەردەکەنەوە
لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٤-١٢-١٩) فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆی جیهان سەردانی نەخۆشخانەی رزگاری حکومییان لە شاری هەولیر کرد و، لە نزیکەوە بەشى چارەسەرى سروشتى نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە.
لەو سەردانە مەیدانیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر نورا نصرالدین شریف بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن دکتۆر ئەردەلان سعدالدین وەیسی سەرپەرشتیارى بەشی چارەسەری سروشتی و ستافەکەى لە نەخۆشخانەکە پێشوازی گەرمیان لی کرا، ئینجا کورتەیەکى لە بارەی کارەکانى چارەسەرى سروشتى لە نەخۆشخانەى ڕزگارى بۆ فێرخوازان باسکرد، وتیشى لەم بەشەدا ڕۆژانە چارەسەری سروشتی بۆ ئەو نەخۆش و چارەسەرخوازانە ئەنجام دەدەن کە ڕوو لە نەخۆشخانەکە دەکەن، سەرپەرشتیارى بەشی چارەسەری سروشتی چۆنیەتی چارەسەرکردنی نەخۆش بە وەرزش و، بە بەکارهێنانی ئامێرە پێشکەوتووەکان بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ ئەردەلان سعدالدین وەیسی ئامێرەکانى چارەسەری سروشتی بەشەکەیان بە فیرخوازەکان ئاشناکرد، وتیشى ئەمانە کۆمەڵێک ئامێرە پێشکەوتوون، ڕونیشیکردەوە لە پاڵ چارەسەرکردنى نەخۆش و چارەسەرخوازان بەو ئامێرانە، لەهەمانکاتدا لە ڕێگەى دانانی پروگرامی وەرزشى تایبەت چارەسەرى نەخۆش وچارەسەرخوازان دەکەین، لە کۆتایشدا لە میانەى پرسیار و وەڵام و گفتوگۆى نێوان فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار و سەرپەرشتیارى چارەسەرى سروشتى باسى لایەنەکانى دیکەى چارەسەرى سروشتى کرا، ئەوەش بوە هۆی زیاتر تێگەیشتنى فێرخوازان لە ژینگەی کارکردن و چارەسەر کردنی چارەسەرخوازان بە شێوەیەکى کردەیی.