فێرخوازانى بەشی چارەسەری سروشتی بەشداری لە ڕاوێژی نیشتمانیی گەنجان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەن
هەریەک لە فێرخوازان، هاجەر کنانی و ئەیوب سەباح نووری، لە بەشی چارەسەری سروشتی لە کۆلێژی تەکنیکیی تەندروستی و پزیشکی زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە ڕاوێژی نیشتمانیی گەنجاندا سەبارەت بە بەشدارییە دیاریکراوەکانی نیشتمانی (NDC) لە عێراق کرد.
لەو چالاکییەدا، کە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە هۆتێل ڤان ڕۆیاڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە سەرکردەی گەنجان و کەسایەتیی کاریگەر لە پارێزگا جیاوازەکانەوە ئامادەیبوون، تێیدا گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی گرنگ و پەیوەست بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کرا، لەوانە: پەروەردەی ژینگەیی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، خۆڕاگری و خۆگونجاندن لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی بەردەوامیی پاشماوەکان، هەروەها هەلی کاری سەوز و دەرفەتەکانی کار لە بواری ژینگەدا.
ئەو چالاکیە، کە لە چوارچێوەی چالاکییەکی گەورەی نیشتمانی لەلایەن دەستپێشخەریی “نەوەی سەوز” و بە هاوکاریی ڕێکخراوی یونیسێف ڕێک خرابوو. چالاکییەکە بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجانی عێراق بوو بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکردنی سیاسەتەکانی کەشوهەوا و داڕشتنی ڕێڕەوەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، لەنێو دانیشتنەکانی ڕاوێژکارییەکەدا، دەرفەت بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر درا ڕەخسا دید و بۆچوونیان سەبارەت بە گرنگیی تەکنەلۆژیا و داهێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بخەنەڕوو، ئەوان جەختیان لەسەر ڕۆڵی زیرەکیی دەستکرد و شیکردنەوەی داتا کردەوە لە پێشبینیکردنی کارەساتە کەشوهەواییەکان و ئاڕاستەکردنی وەڵامدانەوە گونجاوەکان کرد. هاوکات تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی پلاتفۆرمە فێرکارییە دیجیتاڵییەکان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لەنێو گەنجاندا، هەروەها پێویستیی دابینکردنی چارەسەری تەکنەلۆژیی پاک و کەم تێچوو بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە بەشێکى دیکەى بەشدارییەکانیان بوو.
ڕاوێژکارییەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گەنجان کۆتایی هات، کە ئامانجیان تێکەڵکردنی دەنگی گەنجانە لە داڕشتنی سیاسەتەکانی کەشوهەوادا و پتەوکردنی بەشدارییانە لەو دەستپێشخەرییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییانەی کە پەیوەندییان بە ژینگەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر شانازیی خۆیان بەم ئەزموونە دەربڕی و بە دەرفەتێکی بەنرخیان زانی بۆ بەشداریکردنی کارا لە بنیاتنانی داهاتوویەکی زیاتر بەردەوام و خاوەن توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراقدا. هاوکات جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ گواستنەوەی ئەو زانیاری و ئەزموونانەی کە بەدەستیان هێناوە بۆ هاوپۆلەکانیان لە ژینگەی ئەکادیمی و کۆمەڵگەی ناوخۆییدا.