فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بەشداری لە بۆنەیەکی تایبەت نابیستان دەکەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٤/٢٠٢٥) بۆنەیەکی تایبەت بۆ هەفتەی هۆشیاریی نایستان لە پەیمانگەی هیواى نابیستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر دڵات ئیسماعیل بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد.
سەرەتای چالاکییەکە بە پێشکەشکردنی سروودی نیشتمانی “ئەی ڕەقیب” لەلایەن قوتابیانى نابیستاى پەیمانگەی هیواى نابیستان بە زمانی ئاماژە دەستی پێکرد. دواتر گروپێکی هونەری لە کۆمەڵگەى پەروەردەیی کۆلێژی جیهان گۆرانییەکی تایبەتیان پێشکەش کرد کە بە زمانی ئاماژە ئامادەکرابوو. هاوکات قوتابیانى پەیمانگەى هیواى نابیستان کۆمەڵێک کاری هونەری و تابلۆی سەرنجڕاکێشیان لە چوارچێوەى پێشانگەیەکدا نمایشکرد، کە ڕەنگدانەوەی داهێنان و بەهرەکانیان بوو. سەرەڕای ئەوەش، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی چالاکیان گێڕالە ڕێکخستن و هاوکاریکردنی قوتابییە نابیستەکان لە کاتی نمایشە هونەرییەکاندا، جگە لەوەش دیاری و شیرینییان پێشکەش بە فێرخوازانى نابیست کرد وەک ئاماژەیەک بۆ پێزانین و هاودەنگی.
هەفتەی هۆشیاری نابیستان بۆ ماوەی هەفتەیەک (لە ماوەی هەفتەی سێیەمی مانگی نیساندا) بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی نابیستان بۆ هۆشیارکردنەوەی گشتی بەڕێوەدەچێت، ئەم بۆنەیە لە ساڵی 1957 لەلایەن فیدراسیۆنی جیهانی نابیستانەوە دامەزراوە، ئەم هەفتەیە بە فەرمی لە زۆرێک لە وڵاتان، لەوانە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناسراوە و تیایدا چالاکى جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێ بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مافی نابیستان.